دووەم سالۆنیکی 3
Kurdi Sorani Standard
داوای نوێژکردن
3 لە کۆتاییدا ئەی خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن، تاکو پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆدار بێت، هەروەک ئەوەی لەلای ئێوە ڕوویدا، 2 هەروەها تاکو لە کەسانی بەد و خراپ ڕزگارمان بکات، چونکە هەمووان باوەڕیان نییە. 3 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ دڵسۆزە، ئەوەی دەتانچەسپێنێت و لە شەیتان دەتانپارێزێت. 4 بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە متمانەمان بە ئێوە هەیە کە ئەوەی ڕامانسپاردوون دەیکەن و بەردەوام دەبن لەسەری. 5 با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.
ئاگاداری بۆ تەمبەڵەکان
6 ئێستاش خوشکان، برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان ڕاتاندەسپێرین، لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو نەریتە نییە کە لە ئێمە وەریگرتووە. 7 ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە، چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین، 8 بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە، تاکو نەبینە بار بۆ کەستان. 9 ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان[a] نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە. 10 تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان: «ئەوەی حەز نەکات کار بکات، با نەخوات.»
11 ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆیان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن. 12 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن. 13 خوشک و برایان، ئێوەش واز لە چاکەکاری مەهێنن و بەردەوام بن.
14 ئەگەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەو ڕاسپاردانە نەبوو کە لەم نامەیەدا هاتووە، دیاری بکەن و تێکەڵی مەبن تاکو شەرمەزار بێت. 15 بە دوژمنی دامەنێن، بەڵکو وەک برایەک ئاگاداری بکەنەوە.
سڵاوی کۆتایی
16 با مەسیحی خاوەن ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ. با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.
17 من پۆڵسم و بە دەستخەتی خۆم ئەم سڵاوە دەنووسم. ئەمەش نیشانەیەکی ڕاستیی هەموو نامەکانی منە، من بەم شێوەیە نامە دەنووسم. 18 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت.
Footnotes
- 3:9 ماف بۆ وەرگرتنی یارمەتی وەک خزمەتکارێک.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.