یەشوع 16
Kurdi Sorani Standard
بەشەکانی مەنەشە و ئەفرایم
16 تیروپشک بۆ بەشی نەوەی یوسف دەرچوو، لە ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا هەتا ئاوی ئەریحا بوو، بەرەو ڕۆژهەڵات هەتا ئەو چۆڵەوانییەی لە ئەریحاوە سەردەکەوێت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی بێتئێل، 2 لە بێتئێلیشەوە کە پێی دەگوترێ لوز، بەردەوام بوو بۆ سنووری ئەرکییەکان لە عەتەرۆت و 3 لەوێشەوە ڕووەو ڕۆژئاوا دابەزی بۆ سنووری یەفلێتییەکان و بۆ سنووری بێتحۆرۆنی خواروو و بۆ گەزەر و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[a] بوو.
4 جا نەوەکانی یوسف مەنەشە و ئەفرایم میراتی خۆیان وەرگرت.
5 ئەمانەش سنووری نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان:
سنووری میراتەکەیان لە ڕۆژهەڵات، عەتەرۆت ئەدار بوو، هەتا بێتحۆرۆنی ژووروو، 6 ئینجا سنوورەکە بەرەو دەریا چوو، لە میخمەتات ڕووەو باکوور، بەلای ڕۆژهەڵاتدا سووڕایەوە بۆ تانەس شیلۆ و پەڕییەوە بۆ یانۆوەح لەلای ڕۆژهەڵات. 7 سنوورەکە لە یانۆوەحەوە دابەزی بۆ عەتەرۆت و نەعەرا و چوو بۆ ئەریحا و گەیشتە ڕووباری ئوردون. 8 ئینجا سنوورەکە لە تەپووەح درێژبووەوە بەرەو ڕۆژئاوا بۆ شیوی قانا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. ئەمە میراتی هۆزی نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان، 9 لەگەڵ ئەو شارۆچکانەی لەناو میراتی نەوەی مەنەشەدا بۆ نەوەی ئەفرایم جیا کرابوونەوە، هەموو شارۆچکە و گوندەکانیان.
10 کەنعانییەکانی دانیشتووانی گەزەریان دەرنەکرد، ئیتر کەنعانییەکان هەتا ئەمڕۆش لەگەڵ ئەفرایمدا نیشتەجێن و وەک کۆیلە بێگارییان پێدەکەن.
Footnotes
- 16:3 لەلای دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری: لەلای دەریاوە، لێرە و لە ئایەتی 8.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.