دووەم ساموئێل 8
Kurdi Sorani Standard
سەرکەوتنەکانی داود[a]
8 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، مەسەگ ئەممای لە فەلەستییەکان سەند.
2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. ئەوانی لەسەر زەوی پاڵخست و بە گوریس پێوانەی کردن، بە پێوانەی دوو گوریس خەڵکەکەی کوشت و بە پێوانەی گوریسێکیش خەڵکی بە زیندوویی هێشتەوە.[b] ئینجا مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
3 هەروەها داود هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤای بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردەکەی یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات نۆژەن بکاتەوە. 4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت. 6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم. 8 هەروەها داودی پاشا بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و بێرۆتەی برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون.
9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری بەزاندووە، 10 یۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. یۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا کەلوپەلی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
11 هەروەها داودی پاشا ئەوانەشی بۆ یەزدان تەرخان کرد لەگەڵ ئەو زێڕ و زیوانەی تەرخانی کردبوو لە هەموو ئەو نەتەوانەی ژێردەستەی کردبوون: 12 لە ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی، عەمالێقی و دەستکەوتەکەی هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤا.
13 هەروەها داود پاش گەڕانەوەی لە کوشتنی هەژدە هەزار ئەدۆمی لە دۆڵی خوێ[c]، ناوبانگی بڵاو بووەوە.
14 لە هەموو خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود. داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
15 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادوەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد. 16 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛ 17 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ سەرایا خامەی نهێنی[d] بوو؛ 18 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان[e] بوو؛ کوڕەکانی داودیش کاهینی پاشا بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.