لۆقا 19
Kurdi Sorani Standard
عیسا دەبێتە میوانی زەکا
19 ئینجا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. 2 لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. 3 دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. 4 ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.
5 کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» 6 جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.
7 هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»
8 بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»
9 عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، 10 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا[a] بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»
نموونەی دە مەناکە
11 کاتێک گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو، وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە ئێستا دەردەکەوێت. 12 ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. 13 دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی[b] پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.
14 «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“
15 «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.
16 «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“
17 «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“
18 «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“
19 «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“
20 «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. 21 لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی سەختیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“
22 «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی کابرایەکی توندم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم. 23 ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ قازانجەکەی وەرمدەگرتەوە؟“
24 «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“
25 «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“
26 «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 27 دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»
کەژاوەی پاشایانە
28 دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت. 29 کاتێک لە گوندی بێتفاجی و بێتعەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و 30 فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 31 ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»
32 دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان. 33 کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»
34 گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.»
35 ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد. 36 کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.
37 لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، هەموو کۆمەڵی قوتابییەکان دەستیان پێکرد بە شادی و بە دەنگی بەرز ستایشی خودا بکەن، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت:
38 «[پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][c]»
«ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!»
39 هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»
40 وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.»
گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم
41 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا، 42 فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە. 43 ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن. 44 خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی بەسەرکردنەوەت[d] نەزانی.»
عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە
45 کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد. 46 پێی فەرموون: «نووسراوە: [ماڵەکەم ماڵی نوێژە،][e] کەچی ئێوە کردووتانە بە [ئەشکەوتی دزان!][f]»
47 ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا بیکوژن. 48 بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل پەیوەستی گوێ لێگرتنی بوون.
Footnotes
- 19:10 ئەو کەسانەی شایستەی دۆزەخن.
- 19:13 مەنا: نزیکەی کرێی سێ مانگی کرێکارێک.
- 19:38 زەبوورەکان 118:26
- 19:44 مەبەستی هاتنی مەسیحە بۆ ڕزگارکردنیان.
- 19:46 ئیشایا 56:7
- 19:46 یەرمیا 7:11
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.