ئەستێر 7
Kurdi Sorani Standard
لە سێدارەدانی هامان
7 ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن. 2 لە ڕۆژەی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»
3 شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە، 4 چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»
5 ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»
6 ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!»
هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی. 7 پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.
8 لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت.
پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟»
هەر کە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی. 9 ئینجا حەرڤۆنا، یەکێک لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد گوتی: «لە ماڵی هامان سێدارەیەک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە[a]، بۆ مۆردەخای دروستی کردووە کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»
پاشا گوتی: «لەسەری هەڵیبواسن!» 10 بەو شێوەیە هامانیان لەسەر ئەو سێدارەیە هەڵواسی کە بۆ مۆردەخای ئامادەی کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.
Footnotes
- 7:9 پەنجا باڵە: نزیکەی 23 مەتر.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.