زەبوورەکان 76
Kurdi Sorani Standard
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
76 لە یەهودا خودا ناسراوە،
لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
2 کەپری لە شالیمە[a]،
هەواری لە سییۆنە.
3 لەوێ تیرە گڕدارەکان و
قەڵغان و شمشێر جەنگەکانی تێکشکاند.[b]
4 تۆ ڕەوشەنی،
لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
5 قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
دوایین خەوی خۆیان نوستن،
هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
6 ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ،
ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
7 تۆ خۆت بەسامیت!
لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
8 لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
زەوی ترسا و کپ بوو،
9 بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
10 چونکە تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
11 نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
12 ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.