ڕابەران 15
Kurdi Sorani Standard
شەمشون تۆڵە لە فەلەستییەکان دەکاتەوە
15 ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.
2 باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»
3 شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.» 4 ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لەناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا. 5 ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.
6 فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.»
ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند. 7 شەمشونیش پێی گوتن: «چونکە ئەمەتان کردووە، ئەوا من وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵە نەکەمەوە.» 8 ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو کونێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.
9 ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە. 10 جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟»
ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»
11 ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ کونەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟»
ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.»
12 ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.»
شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»
13 ئەوانیش گوتیان: «نەخێر ناتکوژین، بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.» ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست. 14 کاتێک هات بۆ لەحی، فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو. 15 ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە، هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت.
16 ئینجا شەمشون گوتی:
«بە شەویلاکی کەرێک
ئێوەم کردە کەرگەل،
بە شەویلاکی کەرێک
هەزار پیاوم کوشت.»
17 کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی[a] ناو برد.
18 پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنە نەکراوەکان؟» 19 ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە. کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە، بۆیە بە کانی هەقۆرێ ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە.
20 جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
Footnotes
- 15:17 ڕامەت لەحی: واتە گردی شەویلاک.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.