ڕابەران 17
Kurdi Sorani Standard
بتەکانی میخا
17 پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم هەبوو ناوی میخا بوو. 2 بە دایکی گوت: «ئەو هەزار و سەد شاقل[a] زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد، ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.»
دایکیشی گوتی: «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!»
3 کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە، دایکی گوتی: «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم، بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو. ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»
4 جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی، دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی[b] برد و دای بە زیوگەرێک، ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.
5 جا میخا بتخانەی هەبوو، ئێفۆد[c] و بتی[d] دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی. 6 لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو، هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
7 گەنجێک لە بێتلەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا، خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو. 8 لە شارۆچکەکەوە لە بێتلەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت. کاتێک بەڕێوە بوو، هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.
9 میخاش پێی گوت: «لەکوێوە هاتوویت؟»
ئەویش گوتی: «من لێڤیم و خەڵکی بێتلەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.»
10 میخاش پێی گوت: «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم، لە ساڵێکدا دە شاقل[e] زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.» جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و 11 ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە، گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی. 12 ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا. 13 جا میخا گوتی: «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات، چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.