گۆرانی گۆرانییەکان 2
Kurdi Sorani Standard
ئەویندار
2 من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و
سەوسەنی دۆڵانم.
دڵدار
2 وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ
یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.
ئەویندار
3 وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان
دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان.
حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی
مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.
4 با بمباتە هۆڵی خوانەکە،
خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.
5 بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن،
بە سێو بمگەشێننەوە،
چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
6 دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
7 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
8 گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!
تەماشا بکە! وا دێت،
لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،
بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
9 دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،
وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،
لە دەلاقەوە سەیر دەکات،
لە کڵاوڕۆژنەوە[a] تەماشا دەکات.
10 دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:
«یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.
11 تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،
باران بەسەرچوو و نەما.
12 گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،
ئێستا کاتی گۆرانییە؛
خوێندنی کوکوختی
لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
13 هەنجیر بەری گرتووە،
بۆنی پەسیرەی[b] مێو بڵاو بووەتەوە.
یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.»
دڵدار
14 ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان،
لە پەناگای بنارەکان،
با ڕوخسارت ببینم،
با دەنگت ببیستم،
چونکە دەنگت ناسکە و
ڕوخسارت شیرینە!
15 ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن،
ئەو توولە ڕێوییانەی
ڕەزەکانمان تێکدەدەن،
چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.
ئەویندار
16 دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم،
لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
17 بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە،
وەک ئاسک بە،
یان کارمامز
لەسەر چیا فرە لووتکەکان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.