زەبوورەکان 101
Kurdi Sorani Standard
زەبوورێکی داود.
101 گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دادپەروەریتدا دەڵێم،
ئەی یەزدان، سروودی ستایش بۆ تۆ دەڵێم.
2 لە ڕێگای تەواوەتی وریا دەبمەوە.
کەی دێیت بۆ لام؟
بە دڵێکی تەواوەوە هەڵسوکەوت دەکەم،
لەناو ماڵی خۆم.
3 شتی قێزەون لەپێش چاوم دانانێم.
ڕقم لە کاری یاخیبووانە،
قەت بە منەوە نانووسێت.
4 دڵی خواروخێچ لە من دوور دەبێت،
پەیوەندیم بە بەدکارییەوە نابێت.
5 ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات،
دەمکوتی دەکەم،
لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز
بەرگە ناگرم.
6 چاوم لە سەرڕاستانی زەوییە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆم دایاننیشێنم،
ئەوانەی ڕێگای ڕاستیان گرتووە و خزمەتم دەکەن.
7 ئەوەی بە فێڵ ئیش بکات، لە ماڵی من دانانیشێت،
ئەوەی درۆ بکات، لەبەرچاوی من ناوەستێت.
8 بەیانییان زوو هەموو بەدکارەکانی زەوی
دەمکوت دەکەم،
لە شاری یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم،
هەموو ئەوانەی گوناهبارن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.