پەندەکانی سلێمان 31
Kurdi Sorani Standard
قسەی لەموئێلی پاشا
31 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:
2 چی ڕۆڵە؟ چی ڕۆڵەی هەناوم؟
چی ڕۆڵەی نەزرەکانم؟
3 هێزت مەدە ژنان،
ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.
4 ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە،
بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن،
بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،
5 نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن،
مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.
6 ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت،
شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.
7 با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات،
ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.
8 دەمت بکەرەوە بۆ لاڵ[a]،
بۆ مافی هەموو دەربەدەران.
9 دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە،
پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.
بەشی کۆتایی[b]: ژنی خانەدان
10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟
نرخی لە یاقووت[c] گرانترە.
11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و
لە هیچی کەم نابێت.
12 چاکەی بۆ دەکات نەک خراپە
بە درێژایی ژیانی.
13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،
بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.
14 وەک کەشتی بازرگان وایە،
خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.
15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،
خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و
ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.
16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،
بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.
17 ناوقەدی توند دەبەستێت و
بازووی لێ هەڵدەکات.
18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،
بە شەو چرای ناکوژێتەوە.
19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و
تەشی لەناو لەپیدایە.
20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و
دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.
21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،
چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان[d] لەبەردایە.
22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،
کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.
23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،
لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.
24 کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،
پشتێن بۆ بازرگانان[e] دابین دەکات.
25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون،
پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە.
26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و
فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.
27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،
نانی تەمبەڵی ناخوات.
28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،
مێردەکەشی ستایشی دەکات:
29 «زۆر ژن خانەدان بوونە،
بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»
30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،
بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.
31 بەری دەستی خۆی بدەنێ و
با لە دەروازەکانی شاردا کردەوەکانی ستایشی بکەن.
Footnotes
- 31:8 مەبەست ئەو کەسانەیە کە ناوێرن و ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن.
- 31:10 هەر دێڕە هەڵبەستێک لە بەشی کۆتاییدا بە پیتێک دەستپێدەکات، بەپێی ڕیزبەندی ئەلفبێی عیبری.
- 31:10 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.
- 31:21 بەرگی گەرم و ڕەنگ ئاڵ بووە، هەروەک لە کوردی پێی دەگوترێ قەستۆر یان پەستەک.
- 31:24 عیبری: کەنعانییەکان، بە مەبەستی بازرگانی گەڕۆک.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.