مەرقۆس 16
Kurdi Sorani Standard
زیندووبوونەوەی عیسا
16 کە شەممە بەسەرچوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب، بۆنوبەرامیان کڕی تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن. 2 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە. 3 بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»
4 بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو. 5 چوونە ناو گۆڕەکە، گەنجێکیان بینی لەلای ڕاست دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئەوانیش تاسان.
6 پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراو دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا. 7 بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»
8 ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و بە خێرایی گۆڕستانەکەیان بەجێهێشت. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.
⌟ 9 دوای ئەوەی بەیانی زوو لە یەکەمی هەفتە عیسا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو. 10 ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ ئەودا بوون، شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان. 11 کاتێک بیستیان عیسا زیندووە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.
12 دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لەوان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون. 13 جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.
14 پاشان عیسا بۆ یازدەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.
15 پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن. 16 ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت. 17 ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن، 18 بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»
19 لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستە ڕاستی خودا دانیشت. 20 ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.⌞
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.